شارەوانی سلێمانی وا دەڵێت

فراوانکردنی رێگەی سلێمانی بۆ عەربەت پشتگیریی گەشەی شار دەکات

ئەحمەد مستەفا

شارەوانی سلێمانی دەڵێ، فراوانکردنی شەقامی سلێمانی بۆ عەربەت، پڕۆژەیەکی گرنگە بۆ ئاسانکردنی هاتوچۆ و پشتگیریی گەشەی شار،  سەرۆکی شارەوانی و تیمێکیش رێگەکەیان بەسەر کردووەتەوە.

وەک شارەوانیەکە لە راگەیەندراوێکدا باسی دەکات، ئەم سەردانە مەیدانییە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی رەوتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و ئاگاداربوون لەو کێشە، گرفت و ئاستەنگە هونەرییانە ئەنجام درا کە لە بەردەم کارەکاندا هەن، بۆ ئەوەی ڕێکارە گونجاوەکان بۆ چارەسەرکردنیان دابنرێن و کارەکان بە خێرایی و کوالێتیی بەرز بەردەوام بن.

لەسەر رێگەلا لاین و لادان دروست دەکرێ، کە کۆی ئەم پڕۆژە خزمەتگوزارییە بە گوژمەی شەش ملیار و 613 ملیۆن دینار و لەلایەن سێ کۆمپانیاوە جێبەجێ دەکرێت، گرنگیی پڕۆژەکە لەوەدایە کە بە شێوەیەکی کاریگەر یارمەتی ئاسانبوونی هاتوچۆ و کەمکردنەوەی فشار لەسەر شەقامەکە دەدات، بە تایبەت لەگەڵ درێژکردنەوەی سەرجەم ئاوبارەکان و زیادکردنی لەینێکی نوێ بە درێژایی حەوت کیلۆمەتر.

وەک شارەوانی باسی کردووە، جێگای ئاماژە پێدانە کارکردن لە پڕۆژەکەدا بەپێی ستاندارد و رەوشە ئەندازیارییە پەسەندکراوەکان بەڕێوە دەچن و لەلایەن تیمەکانی بەشی پڕۆژەکان لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانییەوە بە شێوەیەکی بەردەوام چاودێری و سەرپەرشتی دەکرێن.