ناحیەی دینارتە بێ پارکی گشتییە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
رووبەری ناحیەی دینارتە تەنیا 6%ی سەوزاییە، هەروەها هیچ پارکێکی گشتی نییە، شارەوانی دینارتەش دەلێت، رووبەری زەوی پێویست لەناو شاردا بۆ دروستکردنی پارک نییە.
دینارتە ساڵی 1958 بووە بە ناحیە و 60 گوند لەخۆدەگرێت سەر بە قەزای ئاکرێیە، ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 38 هەزار کەسە، تائێستا هیچ پارکێکی گشتی نییە، تەنیا 11 باخچەی بچووک هەیە و زۆربەیان پشتگوێخراون.
فیراس زێباری، دانیشتووی ناحیەی دینارتە بە 964ـی وت، “باخچەکانی دینارتە خزمەتگوزارییان کەمە و دارەکانیان شکاون، پێمان خۆشە و پێویستمانە پارکێکی گشتیمان بۆ دروست بکرێت”.
نعمان سەلیم، سەرۆکی شارەوانی دینارتە بە 964ـی راگەیاند، دینارتە ناوچەیەکی شاخاوییە زۆربەی زەوییەکان موڵکی هاوڵاتییانن، بۆیە پارکی گشتی لێنییە و بودجەیەکی تایبەتیشی نییە بۆ دروستکردنی پارکی گشتی.
وتیشی، لە ماستەرپلانی ساڵانی داهاتوودا، زەویەکی تایبەت بە دروستکردنی پارکێکی گشتی تەرخان دەکرێت و سەرجەم باخچەکان سەرلەنوێ نۆژەن دەکرێنەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی