چەند مەرجێک بۆ تورکیا دادەنێت

موراد قەرەیلان هۆکاری چەک دانەنانی گەریلا ئاشکرا دەکات

فەرهاد حەسەن

موراد قەرەیلان، دووپاتیدەکاتەوە، تاوەکو دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی کردەیی و یاسایی بۆ ناساندنی بوونی گەلی کورد لە دەستوردا نەنێت و ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجەلان وەک دانوستانکاری سەرەکی فەراهەم نەکات، گەریلا چەک دانانێت، دەشڵێت “چارەسەری پرسی کورد پێویستی بە گۆڕینی زیهنییەتی دەوڵەت و دەرکردنی یاسایەکی گشتگیر هەیە”.

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە پەیامێكی ڤیدیۆیدا کە میدیاکانی نزیک لە خۆیان بلاویان کردووەتەوە، رایگەیاند، پڕۆسەی چەکدانانی گەریلا تەنیا بە داواکاری دەوڵەتی تورک جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە یاسایەکی بنەڕەتی و هەمەلایەنە هەیە.

دەڵێت “گەریلا بۆ پاراستنی بوون و مافەکانی گەلی کورد چەکی هەڵگرتووە، بۆیە تاوەکو هەنگاوی کردەیی و یاسایی بۆ چەسپاندنی ئەو مافانە نەنرێت، گەریلا دەست لە چەک هەڵناگرێت.”

قەرەیلان جەختی لەوەکردووەتەوە، کە ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجەلان مەرجی سەرەکییە بۆ هێنانەدی ئاشتی و سەرکەوتنی هەر پڕۆسەیەکی دیالۆگ، دەشڵێت “رێبەر ئاپۆ دانوستانکاری سەرەکی و نوێنەری گەلی کوردە، ئەستەمە لە کاتێکدا ئەو لە زیندان بێت پڕۆسەی ئاشتی بەڕێوەبچێت، پێویستە ستاتۆی ئەو وەک لایەنی سەرەکی دیاریبکرێت و ئازاد ببێت بۆ ئەوەی سەرپەرشتی پڕۆسەکە بکات”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قەرەیلان ئاماژەی بە پێویستی گۆڕینی “زیهنییەتی دەوڵەت” دەکات و دەڵێت “بۆ چارەسەری پرسی کورد دەبێت تورکیا لە سیاسەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردن پاشەکشە بکات و پێویستە دەوڵەت گەلی کورد وەک مەترسی و دوژمن نەبینێت، بەڵکو وەک بونێکی رەوا قبوڵی بکات و لە بری پەراوێزخستن، رێگەی دیالۆگ بگرێتەبەر”.

قەرەیلان داوای کرد کە بوونی گەلی کورد بە فەرمی لە یاسا بنەڕەتییەکانی تورکیادا تۆمار بکرێت و چیتر لە دەرەوەی یاسا نەهێڵدرێنەوە و دەبێت “یاسای ئەنیتگراسیۆنی دیموکراتیک” بۆ گەریلا دەربکرێت، نەک تەنیا یاسایەک بۆ چەکدانان، چونکە تەنیا لەو کاتەدا پڕۆسەی ئاشتی دەتوانێت هەنگاوی کردەیی بەرەو پێشەوە بنێت”.

لە كۆتاییەكانی ساڵی 2024ـەوە بە دەسپێشخەری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە لەناو پەرلەمانی توركیاوە، پڕۆسەیەكی نوێی ئاشتی لەو وڵاتە دەستپێكرد و دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوە، عەبدوڵا ئۆجەلانی رێبەری زیندانیکراوی پەكەكە، لە 27.2.2025 داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو حزبە و دیموكراتی بۆ توركیای كرد.

لە وەڵامدا پەكەكە لە مانگی ئایاری 2025، كۆنگرەی 12ـی ئەنجامدا و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی دا، لە رۆژی 11.7.2025 یش وەک نیازپاکی لەلایەن گروپێکی گەریلاوە کە ژمارەیان 30 کەس بوو، چەکەکانیان داناو و دواتریش لە رێگەی ئاگرەوە سوتێنران، رۆژی 26.10.2025 پەكەكە كشانەوەی تەواوەتی لە توركیا راگەیاند.