دوو کەسن و لە پشدەر فێعلەکەیان کردووە

نزیکەی 350 هەزار دیناری ساختەیان لە بازاڕدا تواندەوە؛ دەستگیر کران

شۆڕش قادری

دوو کەس لە دەڤەری پشدەر نزیکەی 350 هەزار دیناری ساختەیان خستەناو بازاڕەوە، پۆلیس بە فێعلەکەیانی زانی، دۆزینیەوە و قۆڵبەستی کردن.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “دوای ئاگادارکردنەوەی هێزەکانی مکافحە لە مامەڵەکردن بە پارەی ساختە، دەستبەجێ نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد،  دوای بەدواداچون و بەدەستهێنانی زانیاری، دوو کەسیان بەتۆمەتی ساغکردنەوەی پارەی ساختە دەستگیر کرد”.

ئەو دوو تۆمەتبارە لە لێکۆڵینەوەکاندا دانیان بەوە داناوە کە نزیکەی 350 هەزار دیناریان لە جۆری 50 هەزاری پێ بووە و لە بازاڕدا ساغیان کردووەتەوە.

پۆلیسی راپەڕین دەشڵێت، هێزەکانیان توانیویانە بڕی 50 هەزار دیناری ساختە لە جۆری 50 هەزاری دەستبەسەردا بگرن کە ئەو دوو تۆمەتبارە لە مارکێتێک مامەڵەیان پێوە کردووە.

تۆمەتبارەکان بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی ‌281 لە یاسایی سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.