حاڵەتێکى خنکان - وێنە: ئاژانسەکان
لە هەرێمی کوردستان
بەم شەش مانگە 34 کەس لە ئاودا خنکاون
ئەحمەد مستەفا
بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ چوارشەممە 24.6.2026، کە شەش مانگ و 24 رۆژ دەکات 34 کەس لە ئاوەکانی هەرێمی کوردستاندا خنکاون.
ئەوە لە حاڵێکدا، هەموو ساڵی رابردوو تەنیا 68 کەس لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکاوون.
سەرکەوت کارەش، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە نوێنەری کەناڵەکانی میدیای وت، زۆرترین حاڵەتەکانی خنکان لەسەر ئاستی هەرێم لە سنووری هەولێر و زاخۆ تۆمارکراون کە کۆی گشتییان دەگاتە 16کەس، لە کاتێکدا حاڵەتەکانی دیکەی خنکان بە شێوەیەکی جیاواز بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکەی هەرێمی کوردستاندا دابەش بوون.
سەبارەت بە پڕۆسەی گەڕان و دۆزینەوەی قوربانییەکان، وتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاشکرای کرد کە تیمەکانی ژێرئاوگەڕی فریاگوزاری سەرکەوتوو بوون لە دۆزینەوە و دەرهێنانی تەرمی سەرجەم ئەو کەسانەی لەمساڵدا خنکاون، تەنیا تەرمی یەک هاوڵاتی نەبێت کە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە ئاودا خنکاوە و تاوەکو ئێستا پڕۆسەی گەڕان بەدوایدا بەردەوامە.