ئاگر لە قۆپییەکانی قەرەداغ کەوتەوە و نزیکەی دوو دۆنم پوش و پاوان و دارستان سووتا – وێنە؛ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی
دوو دۆنم پوش و پاوان و دارستان سووتا
دوای بیستنی دەنگی تەقە ئاگر لە قۆپییەکانی قەرەداغ کەوتەوە
شۆڕش قادری
لە قۆپییەکانی قەرەداغ لە سنووری پارێزگای سلێمانی دوای بیستنی دەنگی تەقە، ئاگر کەوتەوە و نزیکەی دوو دۆنم پوش و پاوان و دارستان سووتا.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 24.6.2026 دوای وەرگرتنی زانیاری سەبارەت بە روودانی دوو حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری گوندی جافەران سەر بە قەزای قەرەداغ، دەستبەجێ مەفرەزەیەکی پۆلیسی دارستان چوونەتە شوێنەکە، بە هاوکاری تیمەکانی بەرگری شارستانی و هاوڵاتیانی ناوچەکە، توانیویانە لە ماوەی کەمتر لە یەک کاتژمێردا ئاگرەکان کۆنتڕۆڵ بکەن و رێگری لە تەشەنەسەندنیان بکرێت.
دوای لێکۆڵینەوە لە هۆکاری روودانی ئاگرەکە، چەند هاوڵاتییەکی گوندنشینی دەڤەرەکە رایانگەیاندووە کە، ژمارەیەکی زۆر تەقە لەناو قۆپییەکانەوە کراوە و لەهەمان کاتدا ئاگرەکان دروست بوون.
بەهۆی ئاگرەکانەوە نزیکەی دوو دۆنم پوش و پاوان و دارستانی سروشتی سووتاون، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و رێکاری یاسایی پێویست لەسەر ئەو بابەتە گیراوەتەبەر.