خاوەنی "داهێنانی زانستین"

وەزارەتی خوێندنی باڵا خەڵاتی 51 مامۆستای زانکۆی کرد

وریا فەتاح

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕوانامەی رێزلێنانی بەخشییە 51 مامۆستای زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لەپای بەدەستهێنانی داهێنانی زانستی کە نزیکەی نیوەی داهێنانەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تۆمار کراون.

لە رێوڕەسمەکەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە (22/6/2026) بەڕێوەچوو، د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، لە کۆی ئەو 51 داهێنانەی مامۆستایان، 25یان لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەوانی دیکەش لە عێراق و ناوخۆی وڵات تۆمار کراون.

وەزیری خوێندنی باڵا جەختی لە گرنگیی سەربەخۆیی زانکۆکان کردەوە و ئاشکرای کرد، وەزارەتەکەیان کار بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگایەک دەکات بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دارایی، کارگێڕی و ئەکادیمیی زانکۆکان، چونکە بەبێ ئەو سەربەخۆییە، زەمینەی داهێنان و ئازادیی ئەکادیمی ناڕەخسێت.

هاوکات، د. ژاڵە سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی توێژینەوە، ئامانجی ئەم خەڵاتکردنەی گەڕاندەوە بۆ هاندانی زیاتری مامۆستایان، تاوەکو بەردەوام بن لە پەرەپێدانی توانا زانستییەکانیان و هاوبەشکردنی داهێنانەکانیان لەگەڵ قوتابیانی زانکۆکانی کوردستان.