کێڵگەیەکى نەوت لە هەرێمی کوردستان
هەرێمی کوردستان
کۆمپانیاکان هاتنەوە و لە زیاتر لە چوار کێڵگە نەوت دەردەهێنرێتەوە
ئەحمەد مستەفا
لە ئەتروش، شێخان تاوکێ و فیشابوور دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و وتەبێژی حکومەت دەڵێ، کۆمپانیایەکیان ئێستا رۆژانە حەوت هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێ.
شەڕی ئێران بەرانبەر ئەمریکا-ئیسرائیل، دۆخێکی دروست کرد گروپە چەکدارەکانی عێراق رووی درۆنە بۆمب رێژکراوەکانیان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن لە مانگی ئازار و نیسانی ئەمساڵ، بەهۆیەوە کۆمپانیاکان کاریان راگرت و هەندێک لە کێڵگەکان زیانیان بەرکەوت.
لەبارەی دەستپێکردنەوەی کارکردنی کۆمپانییا نەوتییەکان لەهەرێمی کوردستان، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم ئێوارەیە 24.6.2026 لە راگەیەندراوێک وتی، کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن بەبڕی 7000 بەرمیلی رۆژانە دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە، رۆژی یەکشەممەی داهاتووش لە کێڵگەی ئەتروش دەست بە بەرهەمهێنان دەکەنەوە.
لە بارەی کێڵگەی شێخان دەڵێ، ئەمڕۆ گۆڵف کیستۆن دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووە،لە تاوکێ و فیشخابور دی ئێن ئۆ رۆژی هەینی داهاتوو دەست بە بەرهەمهێنان دەکەنەوە و هەنت ئۆیڵ لە هەشتی مانگی حەوت دەستدەکەنەوە بە بەرهەمهێنان.
وەک هەورامانی روونی دەکاتەوە، لە هێرشەکانی ڕابردوو بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان زیانێکی زۆرییان بەرکەوتبوو لەبەر ئەوە بەشێکییان کارکردنییان کەمێک کاتی پێوست بووە چونکە پێویستییان بە ئامادە سازی و نۆژەنکردنەوەی شوێنە زیانلێکەوتووەکان هەبووە.
بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی لە کاتی ئاساییدا دەگاتە زیاتر لە 200,000 بەرمیل لە رۆژێکدا، هەناردەکردن و بەرهەمهێنان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە بەردەوام، بە جۆرێک کە لە ساڵانی رابردووش کۆی گشتی بەرهەم نزیکەی 100 ملیۆن بەرمیل بووە.
پێشتر، شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی دڵنیایی ئەمنیی پێویستی داوەتە کۆمپانیاکانی نەوت بۆ ئەوەی بێ دوودڵی دەست بە بەرهەمهێنان بکەنەوە.
لەسەر ئاستی سەربازی هەماهەنگیی نوێ هەیە وەک ئەو باسی کرد و ئاشکرای کرد، بڕیار وایە سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی لە هەولێر جێگیر بکرێت بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان لە هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی، کە بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی فەرمیی لەسەر دانانی سیستەمەکە دەربڕیوە.