پێشکەش بە رۆحی باوکی کرد
خاتوونێک بە شەش مانگ و نیو قورئانی پیرۆزی لەبەرکرد
ئەحمەد مستەفا
لە هەڵەبجە، خاتوونێک بە هاوکاری دایک و مامۆستاکانی بە شەش مانگ و نیو توانیوویەتی تەواوی قورئانی پیرۆز لەبەربکات، لەبەرکردنی تەواوی جوزئەکانی قورئان بەو ماوە کەمە سەرنجی کاربەدەستانی رێکخراوی “ئیقرا”ی راکێشاوە و هەر لەوێ عومرەیەکی بۆ کراوە بە دیاری.
ئەو خاتوونە ناوی سۆما تۆفیق، لە هەڵەبجە نیشتەجێیە و دەرچووی کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەدین-ە، ئاشناییەکی باشی بۆ زمانەکانی عەرەبی و فارسی هەیە.
لە بڵاوکراوەیەکدا کە 964 بینوویەتی، لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکانی رێخراوی “اقرأ” لە لقی هەڵەبجە و بەشی لەبەرکردن، هەستاون بە تاقیکردنەوەی قۆناغ بڕینی ” 30 جوزء”، لە قورئانی پیرۆز بۆ فێرخواز “سۆما تۆفیق”، کە بە ماوەی شەش مانگ و نیو هەموو قورئانی پیرۆزی لەبەرکردووە.
سۆما تۆفیق، قوتابی بنکەی مەرزەبۆتۆ بووە، رێکخراوەکە دەڵێ، پیرۆزبایی لە خۆی و دایکی و بەڕێوبەری بنکەکەیان و مامۆستایانی دەکەین کە شەونخونیان کێشاوە لەگەڵیدا و توانیوویەتی لە تاقیکردنەوە سەرکەوتوو بێت کە لەسەر زانینی تەواوی قورئان پێی کراوە.
رێکخراوەکە بۆ سۆمایان نوسیوە، لە هەمان کاتدا مامۆستایەکی نموونە و سەرکەوتووی هەمان بنکەیە، بەو هۆکارەش ئەیاد جەلال وەک بەڕێوەبەری رێکخراوەکە عومرەیەکی کردووەتە دیاری بۆی.
سۆما لەپاش تاقیکردنەوەکە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نوسیوویەتی، سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە کە ئەم نیعمەتە گەورەی پێ بەخشیم کە بە یارمەتی خوای گەورە نەبێ ناتوانین تاکە ئایەتێکیش لەبەرکەین.
ئەو کارەکەی پێشکەش بە رۆحی باوکی دەکات و دەڵێ، سوپاسی دایکم ئەکەم کە هەمیشە پشتگیر و یارمەتیدەر و پشتیوانمە، پێشکەشی ئەکەم بە رۆحی باوکم خواگیان بیکاتە تاجی زێرین بۆیان لە رۆژی دواییدا.