کەسێک نزیکەی سێ هەزار ماسی مردووی فڕێدایە ناو چەمی تابین؛ دەستگیر کرا – وێنە؛ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی
"ژینگەی مێرگەپانی پیس کردووە"
نزیکەی سێ هەزار ماسی مردووی فڕێدایە ناو چەمی تابین؛ دەستگیر کرا
شۆڕش قادری
کەسێک نزیکەی سێ هەزار ماسی مردووی فڕێدایە ناو چەمی تابین لە سەیرانگای مێرگەپانی پارێزگای سلێمانی، پۆلسی دارستان و ژینگە پێیانزانی و دەستگیریان کرد.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، دوای وەرگرتنی هەواڵ و زانیاری، مەفرەزەیەک لە کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی مێرگەپان دەرچوون بۆ چەمی تابین و بینیویانە کە هاوڵاتییەک دوو بۆ سێ هەزار ماسی مردووی ناو حەوزی فڕێداوەتە ناو چەمی تابین و ئەوەش بووەتەهۆی پیسبوونی ئاوەکە.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی مێرگەپان دەستبەجێ ئەو کەسەیان دەستگیر کردووە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە و رادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی.