هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاشكرا کران

ئەحمەد مستەفا

بازاڕ پڕە لە دیناری عێراقی و بازرگانانیش دۆلاریان لە بازاڕدا نەهێشتووە، ئەمە بە هۆکاری سەرەکی بەرزنەبوونەوەی بەهادی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دادەنرێت.

هێشتا نرخی گۆڕینەوەی دینار بەرامبەر بە دۆلار لە نێوان بازاڕی ئازاد و بانکی ناوەندیدا 15هەزار دیناری فەرقە، لە بانکی ناوەندی 100 دۆلار بە 132هەزارە، بەڵام لە بازاڕدا بە 147هەزار دینارە.

ئێستا نزیکەی 90 ترلیۆن دینار پارەی عێراقی لە بازاڕدا بوونی ھەیە لە کاتێکدا چوار ساڵ پێش ئێستا، تەنیا 60 ترلیۆن دینار لە بازاڕدا ھەبووە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە بڕی دیناری عێراقی نزیکەی 50% لە بازاڕدا زیادی کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 10.7.2023، دکتۆر کامەران قادر پسپۆری دارایی و بانک بە 964ی وت، بە هۆی رێکارەکانەوە هێشتا بازرگانێکی زۆر پابەندی سەکۆ ئەلیکترۆنییەکەی بانکی ناوەندی نین و لە بازاڕدا دۆلار دەکڕن، بۆ کڕینی کاڵا بە دۆلار، تەنانەت لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ئەمریکا خستوویەتە لیستی قەدەغەوە.

ئەو دۆلار کڕینەی بازرگانان، وایکردووە لە بازاڕدا خواست لەسەر دۆلار زۆربێت، لە کاتێکدا خۆی رۆژانە بە تێکڕا زیاتر لە 200 ملیۆنی دۆلار دەخاتە بازاڕەوە و پێویستی پڕناکەتەوە.

کامەران قادر دەڵێت، “گومان هەیە ئەو بڕەی رادەگەیەنرێت بۆ خستنەڕووی دۆلار لە بانکی ناوەندی راست نەبێ، خێراترین چارەسەر ئەوەیە تا ماوەیەک 400 ملیۆن دۆلار بخرێتە بازاڕەوە و دیناری رابکێشێتەوە تا هاوسەنگی دینار بپارێزێت

بەپێی زانیارییەكانی بانكی ناوەندی، یەدەگی دراوی بیانی تا مانگی شەشی ساڵی2023 لە عێراقدا 115 ملیار دۆلارە.

پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد