مۆلیدە ئەهلییەکان دەکەونە کار

سبەی دهۆک و زاخۆ بۆماوەی شەش کاتژمیر بێ کارەبا دەبن

هەرژین محەمەد – دهۆک

وەزارەتی کارەبا رایدەگەیەنێت، سبەی بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی رووناکی و ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان، هێڵی سەرەکیی KV123 کارەبا لە هەر یەک لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ ماوەی شەش کاتژمێر نابێت، و لەو ماوەیەدا مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ هاوڵاتییان دەکەونە کار.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم بۆ964 وتی، “ئەم پڕۆسەیە لە چوارچێوەی تەواوکاریی چاکسازیی هێڵەکانی گواستنەوەی وزەیە لە نێوان دهۆک و هەولێر، ئامانج لێی بەهێزکردن و سەقامگیرکردنی تۆڕی کارەبایە، کە ئامادەکارییەکە بۆ وەرزی زستان تا هیچ گرفتێکی نەخوازراو دروست نەبێت.”

وتیشی، ئەم کارە بەشێکە لە جێبەجێکردنی “پڕۆژەی رووناکی” و لە بارودۆخی ئاساییدا دوو رۆژی پێدەچوو، بەڵام هەموو تیمەکانمان کۆکردووەتەوە تا لە ماوەی پێنج بۆ شەش کاتژمێردا بە کۆتایی بهێنن و هەموو هەوڵێک دەدرێت کەمترین کاریگەری لەسەر بەشداربووانی کارەبا لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەبێت.

دەربارەی پڕکردنەوەی کەلێنی نەبوونی کارەبای نیشتمانی لەو کاتژمێرانەدا، ئومێد ئەحمەد دڵنیایی دایە هاوڵاتییان کە دوێنێ کۆبوونەوەیەکی فراوانیان لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبای دهۆک و زاخۆ ئەنجامداوە و ئامادەکاری کراوە تا لەو ماوە کەمەدا مۆلیدە ئەهلییەکان کار بکەن، تا خەڵک بێ کارەبا نەمێنێتەوە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر