"دوو خوێندکار بەسووکی برینداربوون"
لە دهۆک ئاگر لە بەشە ناوخۆیی کچان کەوتەوە
شۆڕش قادری
ئاگر لە بەشەناوخۆیی کچان لە دهۆک کەوتەوە و دوو خوێندکار بەسووکی برینداربوون.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی دهۆک ڤیدیۆی شوێنەکەی دوای کوژاندنەوەی ئاگرەکەی داناوە و نووسیویەتی، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 11.9.2026 کاتژمێر 2:11 خولەک بنکەی بەرگری شارستانی ماڵتا ئاگادار کراونەتەوە لەوەی کە ئاگر لە بەشە ناوخۆیی کچان لەو گەڕەکە کەوتووەتەوە.
دوای ئاگادارکردنەوەیان دەستبەجێ تێمێکیان چووەتە شوێنەکە و ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە، لە رووداوەکەدا دوو خوێندکاری کچ بە سووکی برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
بەشەناوخۆیی کچانی ماڵتا سەربە زانکۆی دهۆکە و بەرگری شارستانی هۆکاری سەرهەڵدانی ئاگرەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام لە ڤیدیۆکەدا پکنیکێک و چەند بوتڵە غازێک دەبینرێن کە رەش بوون و ئاگریان گرتووە.