گەرمیان
ئەو منداڵە دوو ساڵانەی کەوتە ناو تەشتێک ئاو گیانی لەدەستدا
میلاد جەلال – گەرمیان
ئێوارەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو، لە گەڕەکی بەردەسووری قەزای کەلار منداڵێکی دوو ساڵان کەوتە ناو تەشتێک ئاوەوە، دوای دوو رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە نیوەڕۆی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەھید ھەژار بە 964ـى وت،”ئەوکاتەی منداڵەکە هێنرایە نەخۆشخانەکەمان لێدانی دڵی نەمابوو، بەڵام دوای ھەوڵی دکتۆر و کارمەندانی نەخۆشخانەکەمان لێدانی دڵی بۆ گەڕایەوە”.
“دوای ئەوەی ھەستمانکرد باردۆخی تەندروستی کەمێک باشە، رەوانەی نەخۆشخانەی منداڵانمان کرد لە سلێمانی”، رەفیق قادر وای وت.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەواڵی گیانلەدەستدانی بڵاوکرایەوە، پەیامنێری 964 پەیوەندیکرد بە وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، ھەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و وتی، “پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەینی 11.9.2026 مندالەکە لە سلێمانی گیانی لەدەستداوە”.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر