"حەوتیان برینەکەیان سەختە"
بەغدا؛ رووخانی سەقفێک دوو کرێکاری کوشت و 11ـی تری بریندارکرد
+964
سیروان خورشید – خورماتوو
لە ئەنجامی رووخانی سەقفی بینایەک لە ناوچەی کەرخی شاری بەغدا دوو کرێکار گیانیان لەدەستدا و 11 کرێکاری تریش بەسەختی برینداربوون.
جاسم رەشید، پزیشکی ئێشکگر لە نەخۆشخانەی فێرکاری ناوچەی کەرخ بە964ـی وت،” کەمێک پێش ئێستا یەکێکی دیکە لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا، لە ئێستادا برینی حەوت کرێکاری دیکەش سەختە و لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکدان و هەموو هەوڵێک بۆ رزگارکردنیان دەدرێت.
وتیشی، روداوەکە دوێنێ شەو لە کاتێکدا بووە کە کرێکارەکان سەرقاڵی کارکردن بوون لە پڕۆژەیەکی بیناسازیدا و لە ناکاو سەقف و هێڵکاری و ئاسنی بیناکە بەسەریاندا رووخاوە، لە ساتەوەختی سەرەتای رووداوەکەدا، بەهۆی بێهۆشبوونی سەرجەم کرێکارەکان لە ژێر داروپەردوودا، سەرەتا وا بڵاوبووەوە کە هەموویان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام بە هاوکاریی هاووڵاتیان و گەیشتنی خێرای تیمەکانی بەرگری شارستانی، توانرا سەرجەمیان دەربکرێن و بەپەلە رەوانەی نەخۆشخانە کرێن.
بورهان حەمەغەفور، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار بە964ـی وت، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان تا ئێستا بە وردی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەسەر دۆزینەوەی لایەنی کەمتەرخەم لەم رووداوە.
دەشڵێت، هەر لایەنێک و خاوەنکارێک کەمتەرخەم بێت لە دابینکردنی مەرجەکانی سەلامەتی پیشەیی رووبەرووی سزای یاسایی دەبێتەوە.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح