دیالە: دارخورماکەی بڕییەوە و کەوت بەسەریدا و گیانی لەدەستدا
+964
سیروان خورشید – خورماتوو
شەوی رابردوو گەنجێکی تەمەن 25 بۆ 30 ساڵ لە قەزای خالسی سەر بە پارێزگای دیالە لە کاتی بڕینەوە و خستنەخوارەوەی دارخورمایەکدا گیانی لەدەستدا.
سەباح رەحیم، ئێشکگر لە نەخۆشخانەی قەزاکە بە 964ـی وت،” شەوی رابردوو تەرمی گەنجێک کە شوێنەواری پێکان و کەوتنی قورس بە بەشێکی جەستەی و بەتایبەت سەریەوە دیاربوو، هێنرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان و دوای ئەنجامدانی پشکنین و توێکاری سەرەتایی، بەیانی ئەمڕۆ تەرمەکەی رادەستی کەسوکاری کرایەوە.
وتیشی، گەنجەکە کە پیشەی جووتیارە، درەنگانی شەوی رابردوو ویستویەتی دارخورمایەکی بەرز ببڕێتەوە، چونکە ئاستەنگی بۆ رێگای دارستانەکەیان دروستکردبوو، بەهۆی تاریکی شەو و نەبوونی ئاگایی تەواو لە کاتی بڕینەوەیدا، دارەکە بەربووەتەوە و سەرەڕای هەوڵدانی بۆ رزگارکردنی خۆی، بەڵام دارخورماکە بەسەریدا کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح