هێندەی نەماوە دەست بە دروستکردنی تەلەفریکەکەی چیای گارە بکرێت

964+
هێڤی دێوالی – دهۆک

وا بڕیارە بەم نزیکانە کۆمپانیایەکی نەمسایی دەست بە دروستکردنی تەلەفریکەکەی چیای گارە بکات.

دروستکردنی ئەو تەلەفریکە دەکەوێتە گەلی سەرسنگ بۆ ترۆپکی چیای گارە، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک دەڵێت، بەم نزیکانە لەلایەن کۆمپانیای UB Holdingی نەمسایی جێبەجێ دەکرێت.

پڕۆژەی تەلەفریکی چیای گارە لە دوو قۆناغ پێکدێت، یەکەمیان لە گەلی سەرسنگ دەستپێدەکات بۆ گارۆکی لەوێشەوە بۆ ترۆپکی چیاکە، بڕیارە لەسەر چیاکە کۆمەڵگەیەکی گەشتیاری و خواردنگە و کافتریا دروست بکرێت.

خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک بۆ 964 وتی، هەندێک گرفت هۆکار بوو دوا بکەوێت، لە نزیکترین کاتدا دەست بە دروستکردنی دەکرێت.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزار ئەوەشی وت، ئەو پڕۆژەیە دەبێتە هۆکاری زیاتری بووژانەوەی کەرتی گەشتیاریی ناوچەکە و خەڵک سوودی زۆری لێ دەبینن.

حەمید محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئامێدی بۆ 964 وتی، پڕۆژەکە تەنیا کاری یاسایی ماوە، بەم نزیکانە ئەوەش کۆتایی دێت، هێشتا نازانین رووبەرەکەی چەند دەبێت.

لە پارێزگای دهۆک 900 شوێنی گەشتیاری هەیە و لەو ژمارەیەدا 250 هاوینەهەوار هەن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی