"بۆ رێگری کردن لەئاگرکەوتنەوە"
بەرگری شارستانی خورماتوو مەترسیەکانی کارگە نەوتییەکان کەم دەکاتەوە
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
تیمەکانی بەرگری شارستانی خورماتوو هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ پشکنینی کارگەکانی سووتەمەنی و ئۆکساندن دەستپێکرد، ئامانج لێی رێگریکردنە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە و پاراستنی گیانی کرێکاران.
عەقید عەلی فاروق، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی خورماتوو بە 964ی راگەیاند، تیمەکانیان بە وردی سەیری سیستمی ئاگرکوژێنەوەی کارگەکان دەکەن و خولی هۆشیاری بۆ کرێکاران دەکەنەوە تا بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ غاز و مادە کیمیاییەکان بکەن.
وتیشی، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی کارگە نەوتییەکان لە ناوچەکە، ئەمە یەکەمجارە هەڵمەتێکی ئاوا گەورە ئەنجام دەدرێت.
لە سنووری خورماتوو زیاتر لە 20 کارگەی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی هەن، ساڵانە بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکان و هەڵەی تەکنیکی، چەندین ئاگرکەوتنەوەی مەترسیدار لەو کارگانەدا روودەدەن، بۆیە بەرگری شارستانی دەیەوێت لە رێگەی ئەم پشکنینانەوە رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانە بکرێت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر