"ئاگاداربن سواڵکەر بە ناوی ژینگەپارێزەوە دەگەڕێن"

پێدانی جەژنانە بە ژینگەپارێزانی هەولێر ئارەزوومەندانەیە و بە زۆر نییە

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دەڵێت، پێدانی جەژنانە بە کارمەندانی ژینگەپارێز بابەتێکی تەواو ئارەزوومەندانەیە، هیچ هاوڵاتییەک ناچار نییە ئەو بڕەپارەیە بدات.

هەروەها دەڵێن، زۆرێک لە سواڵکەرەکان بە ناوی کارمەندانی شارەوانییەوە پێش جەژن بە کۆڵاناندا دەگەڕێن بۆ جەژنانە و پێویستە ئاگاداربن.

بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی، لە راگەیاندراوێکدا ئەمڕۆ دەڵێن، “ئاگاداری هەموو هاوڵاتیانمان لە شاری هەولێر دەکەینەوە، کە پێدانی جەژنانە بە کرێکارانی ژینگەپارێز، بابەتێکی تەواو ئارەزوومەندانەیە و هیچ هاوڵاتیەک ناچار نییە هیچ بڕە پارەیەک بەناوی جەژنانە یان بە هەر ناوێکی تر بدات بەو ژینگەپارێزانە، هەروەها زانیاریتان پێ دەدەین، کە زۆرێک لە سواڵکەران بەناوی کرێکارانی شارەوانییەوە پێش جەژنان لەناو کۆڵانەکان دەگەڕێن بۆ جەژنانە”.

“ئێمە وەک شارەوانی هیچ پەیوەندیمان پێیانەوە نییە و پێویستە هاوڵاتیان ئەگەر نیازی هاوکاری یان جەژنانەیان هەیە بە کرێکارانی شارەوانی، ئەوە بیدەن بەو کرێکارانەی کە ئامێری کۆکردنەوەی خاشاکیان لەگەڵە”، لە راگەیاندراوەکەدا وا هاتووە.

ئاماژە بەوەش دەکەن، هەر رەفتارێکی نەشیاو لەلایەن کرێکاران و کارمەندانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک بەرامبەر هاوڵاتیان وەک (بەزۆر وەرگرتنی پارە ، دیاریکردنی بڕەکەی، دانانی نیشانە لەسەر دەرگا و حاویەی ماڵان، یان زبڵیان هەڵنەگرتەوە ئەگەر پارەیان پێ نەدان، یان هەر رەفتارێکی نەگونجاوی تریان کرد، دەتوانن پەیوەندی بەم ژمارەیەوە بکەن: 07509584838