بەڵام هاوڵاتیە بەتەمەنەکەیان دۆزییەوە

​سێ منداڵ لە گوندێکی رۆژئاوای موسڵ خنکان تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە


سیروان خورشید – دوزخورماتوو

پێنج منداڵ لە گوندێکی موسڵ بەمەبەستی مەلەکردن دەچنە ناو سەرچاوەیەکی ئاوی، سێ لەو منداڵنە دەخنکێن و تاوەکو ئێستاش تەرمەکانین دەرنەهێندراوە.

رووداوەکە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە گوندی “توێم” لە رۆژئاوای شاری موسڵ روویداوە.

عامر ئەلیاس، موختاری ناوچەکەیە بە 964ـی وت، پێنج منداڵەکە بەمەبەستی خۆفێنککردنەوە چوونەتە سەر سەرچاوە ئاوییەکە، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەشارەزاییان لە مەلەکردن، سیانیان کەوتونەتە ژێر ئاوەکە و خنکاون.

وتیشی “تەمەنی منداڵەکان لەنێوان هەشت بۆ 12ساڵیدایە و تاوەکو ئێستاش تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە”.

بەقسەی موختار، گەنجانی مەلەوان و خەڵکی گوندەکە بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوە و دەرهێنانی تەرمی منداڵەکان.

لە لایەکی دیکەش، هەر ئەمڕۆ هەینی، پاش تێپەڕبوونی هەشت ڕۆژ بەسەر دیارنەمانی هاوڵاتیەکی بە تەمەن، تیمەکانی مەلەوان و خەڵکی ناوچەکە توانیان تەرمەکەی لە روباری دیجلە لەموسڵ بدۆزنەوە، کە پێشتر بەهۆی خنکانەوە گیانی لەدەست دابوو.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن