چوار مێردمنداڵ دەستگیرکراون
مێردمنداڵێک لە چەمی ئاوەسپی خنکا و لە بەیانییەوە بوو بە دوو حاڵەتی خنکان
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
کەمێک پێش ئێستا لە چەمی ئاوەسپی لە خورماتوو مێردمنداڵێکی تەمەن 15ساڵ لەکاتی مەلەکرندا ژێر ئاو کەوت و خنکا.
عەلی فەلاح، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو بە 964ـی وت، سێ مێردمنداڵ کە هاوڕێی یەکتر بوون، بەمەبەستی بەسەربردنی کات و مەلەکردن روویان لە چەمی ئاوەسپی کردووە و لەو کاتەدا و بەهۆی نەشارەزایی لە مەلەکردن و قووڵیی ئاوەکە، یەکێک لە مێردمنداڵەکان کەوتوەتە ژێر ئاو و سەرەڕای هەوڵەکانی هاوڕێکانی بۆ رزگارکردنی، بەڵام نەتوانراوە ژیانی رزگار بکرێت و خنکاوە.
وتیشی، مێردمنداڵەکە ناوی یوسف عەدنان تەمەنی 15 ساڵانە و بە نەتەوە کوردە و پاش کەمێکی تر تەرمەکەی بۆ توێکاری رەوانەی پزیشکی دادی کەرکوک دەکرێت”.
رزگار بەکر، ئەفسەرێکی پۆلیسی خورماتوو بە 964ـی وت، لەسەر روداوەکە چوار مێردمنداڵ دەستگیرکراون کە لەگەڵ مێردمنداڵە خنکاوەکەدا بوون و بەبریاری دادوەر لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
لە بەربەیانی ئەمرۆوە ئەوە دووەمین حاڵەتی خنکانە لە خورماتوو، کە مێردمنداڵێکی تەمەن 13ساڵان لەکاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتەکەیان کەوتە نێو پڕۆژەئاوی قەزاکە و خنکا.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن