لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا
زانکۆی سلێمانی بۆ ئەو دەنگۆیانەی لەسەر د. عەبدولـلەتیف کراون هاتە سەرخەت
فەرهاد حەسەن
دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا دەنگۆی جۆراوجۆر لەسەر د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد مستەفا ناسراو بە د. عەبدولـلەتیف سەلەفی بڵاوکرانەوە، زانکۆی سلێمانی هاتووەتە سەر خەت و بەچاودێری داواکاری گشتی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە.
ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو بڵاوکراونەتەوە، گوایە نامەگۆڕینەوەی نێوان ناوبراو و یەکێک لە کچە خوێندکارەکانییەتی، بەڵام رۆژی 14.6.2026 د. عەبدولـلەتیف کە یەکێکە لە رێبەرانی رەوتی سەلەفی لە کوردستان، لە هەژمارە تایبەتەکەی لە فەیسبووک لەسەر ئەو چات و نامە دەنگییانەی بڵاوبوونەتەوە دەڵێت: کەسانێکی ناحەز هەوڵێکی قێزەونیان دەستپێکردووە بۆ شێواندنی ناوبانگی (دکتۆر) لە رێگەی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI) و دروستکردنی فەیک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم ئەوانەی لە پشتی ئەم کارەن، لە رێگەی یاساوە رووبەڕووی سزای حەقی خۆیان دەکرێنەوە.
سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانیش بەوپێیەی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد مستەفا، مامۆستای کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانییەتی لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، وەک دامەزراوەیەکی فەرمی و ئەکادیمی، بەدواداچوون بۆ هەر دەنگۆ یاخود کەیسێک کە پەیوەندی بە مامۆستایان یان فەرمانبەرانی زانکۆوە هەبێت، دەکات.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لە چەند رۆژی رابردوودا لەسەر (د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد مستەفا، مامۆستای کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان) بڵاوبوونەتەوە، سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی وەک دامەزراوەیەکی فەرمیی و بەپێی رێکارە یاسایی و کارگێڕییە بەرکارەکان، رێکاری پێویستی گرتووەتەبەر و رۆژی پێنجشەممە 18.6.2026 لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە.
باس لەوەدەکات، ئەم لیژنەیە بەچاودێری داواکاری گشتی کارەکانی خۆی ئەنجام دەدات، لەم سۆنگەیەوە، زانکۆی سلێمانی بە وردی بەدوای دەرخستنی راستییەکاندا دەچێت و پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکە تاگەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی بەردەوام دەبێت، هاوكات هەر جۆرە کەمتەرخەمییەک هەبێت، بەپێی یاسا لێپێچینەوەی بەرامبەر دەکرێت.
دووپاتیشی دەکاتەوە، کە دەرەنجامی کارەکانی ئەم لیژنەیە هەرچییەک بێت، بەشێوازێکی شەفاف بۆ رایگشتی بڵاودەکاتەوە.