"بێ مۆڵەتى ئێمە، تێپەڕین مەترسى بەدواوەیە"
هێڵى سوورى سوپاى پاسداران لە هورمز
964+
وریا فەتاح
بارەگای ناوەندیی خاتەمەلئەنبیا (کە بەرزترین ناوەندی بڕیاردانی سەربازییە لە ئێران)، هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە کۆنترۆڵ و بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز بە تەواوی و بە دەسەڵاتێکی رەهاوە لەژێر کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیدایە.
بەپێی راگەیەندراوێکی ئەو فەرماندەییە باڵایە، هۆشداری دراوەتە سەرجەم کەشتییە جیهانییەکان و جەخت لەوە کراوەتەوە کە بەهۆی یەکپارچەیی ئەم رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەوە، پێویستە سەرجەم کەشتییەکان، بەلەمە بازرگانییەکان و نەوتهەڵگرەکان تەنیا بەو رێڕەوانەدا هاتوچۆ بکەن کە بۆیان دیاریکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا مەرجێکی توند دانراوە و هاتووە: “پێویستە سەرجەم کەشتییەکان بۆ تێپەڕبوون بە گەرووی هورمزدا مۆڵەتی رەسمی لە هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی وەربگرن، هەر سەرپێچییەک لەو رێنماییانە، ئاسایشی هاتوچۆی ئەو کەشتییانە دەخاتە مەترسییەکی جدییەوە.”
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، پەیامێکی راستەوخۆ ئاراستەی هێزە بیانییەکان کراوە و تێیدا هاتووە: “هۆشداری دەدەین کە هەر جۆرە هەوڵ و دەستوەردانێکی کەشتییە سەربازییەکان بۆ تێکدانی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز یان دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم هاتوچۆی ئاویدا، راستەوخۆ دەبێتە ئامانجی هێرشی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.”