قوتابییەکی چاکسازیی دهۆک بەبێ مامۆستا نمرەی 72ی هێناوە

964+

هێڤی دێوالی – دهۆک

قوتابییەک لە چاکسازی منداڵانی دهۆک، بەبێ مامۆستا ئەمساڵ پۆلی 12ی بڕیوە و نمرەی 72.28ی بەدەستهێناوە.

ئەو قوتابییە رەگەزی کوڕە و لە بەشی ئەدەبی ئەو نمرەیەی بەدەستهێناوە.

بەیار رەشید، بەرێوەبەری قوتابخانەی رەزا لە چاکسازیی ژنان و منداڵانی دهۆک بە 964ی وت، “لە چاکسازیی ژنان و منداڵان، ئێمە تەنیا یەک قوتابیمان هەبوو لە پۆلی 12، ئەویش نمرەیەکی باشی هێناوە”.

بەڕێوەبەری قوتابخانەی رەزا ئەوەشی وت، “لە چاکسازی ژنان و منداڵان مامۆستای ئامادەیمان نییە، چونکە قوتابخانەکەی ئێمە بنەڕەتییە، ئێمە تەنیا کتێب و مامۆستای دەروونیمان بۆ دابینکردبوو، ئەو تەنیا لە رێگەی یوتیوبەوە سەیری وانەکانی دەکرد”.

بەیار رەشید دەڵێت، لە چاکسازیی ژنان و منداڵانی دهۆک تەنیا 10 قوتابی هەیە، ئەوانیش لە قۆناغی جیاوازن، چونکە گۆڕانکاری لە حوکمەکانیان دروست دەبێت بۆیە ئەو ژمارەیە دەگۆڕێت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی