ئەحمەد شەکرەى نەبوو
لە هەولێر بە فێستیڤاڵێک یادی رۆژی جیهانیی پەرستاران کرایەوە
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
ئەمڕۆ لە سەرتاسەری جیهان یادی رۆژی جیهانیی پەرستاران دەکرێتەوە، بەو بۆنەیەشەوە لە شاری هەولێر، خوێندکارانی بەشی پەرستاری لە پەیمانگای “یونیڤێرساڵ” بە سازدانی فیستیڤاڵێک ئەو یادەیان بەرز راگرت.
لە فێستیڤاڵەکەدا، خوێندکاران چەندین چالاکیی جۆراوجۆری تەندروستییان پێشکەش کرد. رۆزا ئیبراهیم، کە خوێندکاری قۆناغی یەکەمی پەرستارییە، خۆشحاڵیی خۆی بە هەڵبژاردنی ئەم بەشە دەربڕی و بە 964ـی راگەیاند: “پەرستاری واتە ژیان، لە منداڵییەوە ئاواتم بوو بگەم بەم قۆناغە، میهرەبانیش بەشێکی دانەبڕاوە لە پەرستاری، چونکە ئێمە پیشەیەکی پیرۆزمان هەڵبژاردووە”.
هەر لە چوارچێوەی چالاکییەکاندا، پشکنینی پزیشکی بۆ ئامادەبووان دەکرا. رەیان ئیبراهیم، یەکێک لە خوێندکارە بەشداربووەکانی ڤیستیڤاڵەکە، پشکنینی شەکرەی بۆ (ئەحمەد شەمزین) پەیامنێری 964 ئەنجامدا، خۆشبەختانە ئەنجامی پشکنینەکە نێگەتیڤ بوو و دەرکەوت کە پەیامنێرەکەی 964 نەخۆشیی شەکرەی نییە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح