بینای ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک
ئەنجومەنی پارێزگا کۆدەبێتەوە
بە دەنگدان نەشئەت شاهوێز دەکرێتە فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک
کاروان ساڵحی – کەرکوک
پێدانی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە پێکهاتەی تورکمان، هاوبەشی ئاڵوگۆڕە بۆ ژمارەیەک پۆستی پارێزگاکە، دەنگوباس هەیە ئەمشەو 17.6.2026 کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەڕێوەبچێ و کوردێک بکرێتە فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک.
ئەو کەسە، عەمید نەشئەت شاهوێزە، کە ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگایە، ئەو پۆستە دوای خانەنیشنی لیوا کاوە غەریب لە پێکهاتی کورد، لیوا فەتاح خەفاجی کە عەرەبێکی خەڵکی قەرای حەویجەیە، کرا بووە بە فەرماندەی پۆلیسی شارەکە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گۆڕانکارییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێ، بڕیارە کاتژمێر 11:00ی ئەمشەو کۆبوونەوەیەک لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجام بدرێت، ئەوەش بۆ رەزامەندی دەربڕین بەدەستلەکارکێشانەوەی نەشئەت شاهوێز، ئەندامی ئێستای ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لە بەرامبەردا، پۆستی فەرماندەی پۆلیسی کەرکوکی پێ دەدرێ.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست 964 کەوتووە، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە ئەنجامدراوە لە نێوان ژمارەیەک لەلایەن بەشدارەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، پۆستی پارێزگاری کەرکوک رادەستی پێکهاتەی تورکمان بکرێت و لەبەرامبەردا پۆستی فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک رادەستی کورد بکرێت.
هەنگاوی یەکەم ئەنجام درا و پۆستی پارێزگار، رادەستی تورکمان کرا و ئێستا هەنگاوی دووەم پۆستی فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک یەکلایی دەکرێتەوە بۆ کورد و لە نێوانیان بۆ عەمید نەشئەت شاهوێز دەبێت و ئەو ئەرکە وەردەگرێت.
نەشئەت شاهوێز کوردە و خەڵکی کەرکوکە، پلەکەی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق عەمیدە، دوای ئەوەی کاندید بوو بۆ ئەنجومەجی پارێزگای کەرکوک و لەوێ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنەکەشی وەرگرت، دواتر دەستی لە کارکێشایەوە، پێشتریش چەندین پۆستی بەرێوەبردووە لە شارەکە، کە دواهەمینیان، پۆستی بەرێوەبەری پاسپۆرتی کەرکوک بووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا