تەنیا داوای قەدەغەکردنی کراوە
چەند مارکێتێک دایناگرن؛ ئەو پێپسیەی ئاڵای عێراقی لەسەرە
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
ئەو پێپسیەی ئاڵای عێراقی لەسەرە، داواکاری هەیە قەدەغەبکرێ و یەکێتی زانایانی ئاینیی هەرێمی کوردستان، کە زیاتر بە لیژنەی فەتوا ناویان دیارە لای خەڵکی، داوای نەکڕینی ئەو جۆرە دەکەن کە ئاڵاکەی لەسەرە.
پێپسییەکە لەلایەن کۆمپانیایەک بەناوی “حەیات”، وەک لقی عێراق خاوەندارێتی دەکرێ، چاپێکی نوێی داناوە کە لەسەر قوتووی پێپسییەکانە و وێنەی ئاڵای عێراق و سێ لە یاریزانەکانی هەڵبژاردەکە هەن، ئەم چاپە وەک هاندانێکە بۆ هەڵبژاردنی عێراق لە مۆندیالی ئەمساڵ.
بەڵام، کارەکە دیارە هەروا ئاسان تێنەپەڕیوە، یەکێتی زانایانی ئایینی هەرێمی کوردستان، بەبیانووی هەبوونی وشەی “اللە و اکبر” خودا گەورە، لەسەر قوتووەکە داوای قەدەغەکردن و نەکڕینی دەکات، چونکە قوتووەکان پاش خواردنەوەی فڕێ دەدرێن و ناوی خودا لەسەرە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18.6.2026، داواکارییەکەی یەکێتی زانایان لەلایەن وتەبێژەکەیانەوە، عەبدوڵا شێرکاوەیی بڵاوکرایەوە، پەیامنێری 964 لە هەولێر، لە پاش نیوەڕۆوە هەشت مارکێتی جیاوازی شارەکە گەڕاوە، زۆرینەیان لە مەندووبەکانیان وەرنەگرتووە، بۆ پەیامنێرمان باسیان لەوەکردووە، بەهۆی داواکارییەکەی یەکێتی زانایانەوە بووە، چونکە دەزانن ئەو پەیامانە کاریگەری لەسەر مشتەرییەکانیان دەبێ.
پەیامنێرمان سووتفەی دوو مارکێتی کردووە کە قوتووەکانیان شاردووەتەوە و لای خەڵک وایان دەرخستووە نییانە، ئەم رێکارەی کردارییەی روویداوە لە کاتێکدایە، تەنیا لەدوای داواکارییەکەی یەکێتی زانایانی ئاینی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ کراوە، ئەوەتا هۆگر عەزیز، سەرۆکی لیژنەی چاودێری بازاڕە لە شارەکە بە 964ی وت، هیچ لایەن و کەسێک تائێستا بە فەڕمی سکاڵای نەبووە بۆ قەدەغەکردنی ئەو جۆرە پێپسییە لە بازاڕدا.
کۆمپانیای حەیات، کە بڕیکاری پێپسییە لە عێراق، زیاتر لە پێنج جار لەلایەن پەیامنێری 964 پەیوەندییان پێوەکرا، تا قسەی ئەوان لەبارەی داواکارییەکە و فرۆشی ئەو چاپە نوێیە بزانین، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەدایەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا