"پەیامەکە دوورکەوتنەوەیە لە مۆبایل"

منداڵانی عەنکاوە بە گۆرانی و سەما یادی رۆژی جیهانیی خۆیان دەکەنەوە

964+

ئەحمەد شەمزین- هەولێر

بە ئاهەنگ و چالاکیی جۆراوجۆر، یادی رۆژی جیهانیی منداڵان لە عەنکاوە کرایەوە، بەڕێوەبەرانی چالاکییەکەش دەڵێن، ئامانجی سەرەکییان دڵخۆشکردنی منداڵان و دوورخستنەوەیان بووە لە شاشەی مۆبایل و ئایپادەکان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دەوروبەر بە هاوکاری لەگەڵ سەنتەری ئەکادیمیی کۆمەڵایەتیی عەنکاوە، ئاهەنگێکی بەرفراوانیان بۆ باخچەکانی ساوایان و قوتابخانەکانی سنوورەکە رێکخست، کە چەندین چالاکیی وەک گۆرانی، سەما، پێشبڕکێ، پێشانگای خواردن و نمایشکردنی کارە دەستییەکانی لەخۆگرتبوو.

زیاد کەریم، بەڕێوەبەری ۆاگەیاندنی هۆبەی چالاکییەکانی پەروەردە بە تۆڕی 964ـى راگەیاند: “دەمانەوێت منداڵان بە هەموو شێوەیەک لە مۆبایل و تابلێت دووربکەونەوە، با بۆ ساتێکیش بێت دڵیان خۆش بێت و هەست بکەن کە ڕۆژێکی تایبەت بە خۆیان هەیە.”

زیاد کەریم وتیشی: “وەک بەڕێوەبەرایەتیی چالاکییەکانی پەروەردە، لە ڕێگەی خشتەی ساڵانەوە تەواوی چالاکییەکانی وەک پێشانگا، سیمینار، کۆڕی شیعری و رۆژی ئاڵا دیاری دەکەین و قوتابیانیش دەتوانن بەشداریی تێدا بکەن.”

پێداچوونەوە: وریا فەتاح