ئاڵاکانی ئەمریکا و ئێران
لە 14 خاڵ پێکهاتووە
دەقی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بڵاوکرایەوە
شانیا بێستوون
سی ئێن ئێن لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا دەقی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێرانی بڵاکردووەتەوە کە لە 14 خاڵ پێکهاتووە و لە خوارەوە کورت و پوخت دانراوە؛
1-راگرتنی جەنگ لە هەموو بەرەکان بە لوبنانیشەوە، هەردوولا رازین بەوەی کە هیچ ئۆپراسیۆنێکی سەربازی دژبەیەک ئەنجام نەدەن و خۆیان بە دوور دەگرن لە هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە و بەکارهێنانی هێز.
2-ئەمریکا و ئێران، قایل دەبن بە رێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکتر و بە دوور دەبن لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتر.
3-ئاگربەستی نێوان واشتن و تاران بۆ ماوەی 60 رۆژ درێژدەکرێتەوە تا ئەو کاتەی دەگەن بە رێککەوتنی کۆتایی.
4-لەگەڵ واژۆکردنی یاداشتنامەکە، ئەمریکا دەست بە هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران دەکات و دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا بە تەواوی کۆتای پێبهێنرێت، لەو ماوەیەدا هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز و ئاوەکانی ئێران وەک کاتی پێش جەنگی لێدێتەوە، هاوکات 30 رۆژ دوای رێککەوتنی کۆتایی، ئەمریکا هێزەکانی لە دەورووبەری ئێران دەکشێنێتەوە.
5-لەگەڵ واژۆکردنی یاداشتنامەکە ئێران دەبێت تەواوی هەوڵەکانی بدات بۆ دەستەبەرکردنی ئەمنییەت و ئارامی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان، تەنها بۆ ماوەی 60 رۆژ لە کەنداوی فارسەوە بۆ دەریای عەممان و بەپێچەوانەوە، هاوکات هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان دەستپێدەکات لە ژێر رەچاوکردنی لادانی بەربەستەکان و پاککردنەوەی مینەکان لە ماوەی 30 رۆژدا، ئێران دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ عەممان بکات بۆ دیاریکردنی شێوازێک بۆ هاتوچۆ دەریاییەکان لە گەرووی هورمز لە داهاتوو بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دیکە.
6-ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی پلانێکی باش دادەڕێژێت بۆ هاوکاریکردن، ئاوادانکردنەوە و گەشەسەندانی ئابووری ئێران بە تێچووی لانیکەم 300 ملیار دۆلار، داڕشتنی و جێبەجێکردنی ئەم پلانە لە ماوەی 60 رۆژدا دەبێت.
7-ئەمریکا پابەندی هەڵگرتنی سەرجەم سزاکانی سەر ئێران دەبێت و هەردوولا گفتوگۆ دەکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر ئەو بابەتە.
8-ئێران واز لە پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیی دەهێنێت، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر یەکلاکردنەوەی چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراو، کارکردن لە بنکە ئەتۆمییەکانیش لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا دەبێت.
9-تا گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، ئەمریکا و ئێران دۆخەکە بە سەقامگیری دەهێڵنەوە و ئێران دەست لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی نادات، ئەمریکاش هیچ سزایەکی زیادە دانانێت و هێزیش بڵاوە پێناکات لە ناوچەکە.
10- دوای واژۆکردنی یاداشتنامەکە و تا هەڵگرتنی یەکجارەکی سزاکان، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا چاوپۆشی لە هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران، بەرهەمە نەوتییەکان و لێکەوتەکانی دەکات، لەگەڵ تەواوی خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکانی وەک مامەڵە بانکییەکان، بیمە، گواستنەوە و هاوشێوەکانیان.
11-ئەمریکا پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد دەکات و هەردوولا رێکدەکەون لەسەر ئەوەی کە ئەو داراییانە لە هەژمارە بنەڕەتییەکەی خۆیاندا بمێننەوە یان بگوازرێنەوە، دەبێت بە تەواوی شیاوی بەکارهێنان بن بۆ پێدانی پارە بە هەر سودمەندێکی کۆتایی کە لەلایەن بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دیاری دەکرێت، لەو چوارچێوەیەشدا واشنتن بەڵێن دەدات سەرجەم مۆڵەت و رێپێدانە پێویستییەکان دەربکات.
12- هەریەک لە ئەمریکا و ئێران، رێکدەکەون لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم یاداشتنامەیە، ئەمەش بە مەبەستی سەرکەوتنی یاداشتنامەکەیە و پابەندبوونە بە رێککەوتنی کۆتایی لە داهاتوودا.
13-دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەیە و بە مەرجی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی (1، 4، 5، 10 و 11)ـی و بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی، واشنتن و تاران دەست بە دانوستاندن دەکەن سەبارەت بە رێککەوتنی کۆتایی، هاوکات و بە شێوەیەکی تایبەت لەسەر بڕگەکانی دیکەی ئەم یاداشتنامەیە.
14-رێککەوتنی کۆتایی بە چاودێری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەسەند دەکرێت.