دیمەنێک لە ئاوەڕۆ - وێنە: 964
سوودی لێوەردەگیرێتەوە
سیستەمی بازنەیی ئاو بۆ چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ جێبەجێ دەکرێ
ئەحمەد مستەفا
ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان پلانی ستراتیژیی خۆی بۆ چارەسەرکردن و ریسایکلکردنی ئاوی ئاوەڕۆی شارەکان راگەیاند، کە بەم هۆیەوە هەرێمی کوردستان دەچێتە ریزی ئەو وڵاتانەی کە سیستەمی بازنەیی بەکارهێنانی ئاو پەیڕەو دەکەن.
مەرج نییە ئیتر هەموو ئەو ئاوەڕۆیەی هەبێ بچێتە ناو ژینگە، دەکرێ پێکهاتەکەی بگۆڕدێ بۆ بابەتێکی دیکە سوودی لێ وەربگیرێ.
ئەم پلانە لە میانی بەڕێوەچوونی سیمپۆزیەمێکی زانستیدا خرایەڕوو کە بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ژینگە لە سەنتەری رۆشنبیریی زانکۆی سەلاحەدین رێکخرابوو، لەوێدا ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، وەک پانێڵیستێک بەشداریی کرد.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ پلانەکانی ئێستا و داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو بۆ گۆڕینی ئاوی پاشەڕۆ و ئاوەڕۆی شارەکان لە مەترسییەکی ژینگەیییەوە بۆ سەرچاوەیەکی بەسوود لە رێگەی دروستکردنی پڕۆژەی تایبەت بە چارەسەرکردن و ریسایکلکردنەوەی ئاو.
ئەو وتی، ئێستا کار لەسەر هەمان ئەو رێچکە و شێوازە دەکرێ کە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان لە بواری بەڕێوەبردنی ئاودا پەیڕەوی دەکەن، جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە مۆدێرنە کە بە سیستەمی بازنەیی ئاو ناسراوە، لە ماوەیەکی کورتدا گۆڕانکارییەکی گەورە و ئەرێنی دروست دەکات.
کاریگەرییە راستەوخۆکانی ئەم ستراتیژییە نوێیە بە روونی لە پاراستنی ژینگەی کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستیی کۆمەڵگەدا رەنگ دەداتەوە، هاوکات، ئاوە ریسایکلکراوەکە دەبێتە هۆی بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ، زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە ناو شارەکاندا، و لە هەمووشی گرنگتر، دەبێتە قەڵغانێکی بەهێز بۆ پاراستن و مانەوەی یەدەگی ئاوی ژێرزەوی کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە لە جیهاندا رووبەڕووی مەترسی بووەتەوە.