لە سلێمانی لە چوار رۆژی جەژندا پێنج شوێن داخراون

پێشەوا محەمەد

لە چوار رۆژی جەژنی قورباندا لە شاری سلێمانی پێنج شوێن داخراون، لە کاتێکدا لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی سەردانی 150 شوێنیان کردووە.

شوێنەکان بریتی بوون لە مارکێت، سەمونخانە، گەص و کولێرە بەقیمە.

هەر لە رۆژانی جەژندا 12 پسوڵەی ئاگادارکردنەوە کراون لەگەڵ 43 پسوڵەی ئامادەبوون.

“کاری لیژنەکانی قایمقامیەت بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکان لە جەژندا چڕتر کرابوونەوە و بەردەوام سەردانە مەیدانییەکانمان هەبوون”، ئەوە قسەی رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانییە بۆ 964.

دەشڵێت، بەهۆی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونەوە زیاتر ئاگاداری ئەو شوێنانە بوون کە ئاژەڵیان تێدا دەفرۆشرا و دەستیان بەسەر کەلوپەلی سەربڕینی ئاژەڵدا گرتووە.