بەڕێوەبەرەکەی بریندار کردبوو
کارمەندەکەی بانکی سەیدسادق دەستگیرکرا کە چەقۆی وەشاند
ئەحمەد مستەفا
پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادق ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیرکرد کە بە چەقۆ هێرشی کردبووە سەر بەڕێوەبەری بانکی سەیدسادق.
بەپێی راگەیەندراوەکە کە ئەمشەو 19.8.2026 بڵاوی کردووەتەوە، لەگەڵ ئاگادارکردنەوەی پۆلیس لە رووداوەکە گەیشتوونەتە شوێنەکە و دەرکەوتووە لەلایەن کارمەندێکی خۆیەوە هێرشی کراوەتە سەری و برینداری کردووە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر راگیراوە.
پۆلیس باسی ئەوەی کردووە، بڕیاری دادوەر بۆ رووداوەکە وەرگیراوە و تۆمەتبار “و، ح، ع” بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 330 لەیاسای سزادان راگیراوە، لە بنکەی پۆلیسی سەیدسادق پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە رێکخراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.
پێشتر، بەرات ئەحمەد، براى بەڵێن ئەحمەد، بەڕێوەبەرى بانکى سەیدسادق، چیرۆکى بریندارکردنى براکەى لەلایەن کارمەندێکى بانکەکەوە بەم شێوەیە بۆ 964 گێرایەوە،”ئەو کارمەندە بە موخالەفەیەکەوە گیراوە و ئیشێکى موخالەفەى کردووە لەناو بانکەکە، ئینجا کاک بەڵێن چێکى دەکات و دواى کە پێى زانراوە ئەو کارمەندە هەڵچووە و چەقۆیەیى وەشاندووە”.
بە وتەى بەرات ئەحمەد، براکەى وتویەتى ،”لێپێچینەوەى یاسایى لەگەڵ دەکەم”، لە کاردانەوەى ئەوە کارمەندەکە چووەتە ژوورى بەڕێوەبەر و بەبەرچاوى دوو کەسەوە چەقۆیەکى لە دەستى داوە و بەر دەمارى دەستى کەوتوو.
لەبارەى ئەو سەرپێچییەى کارمەندە کردوویەتى چییە؟، بەرات ئەحمەد وتى،”ئەو کارمەندە واژۆیەکى نایاسایى لەسەر چەکێک کردووە، بەڕێوەبەریش وتوویەتى کێ ئەو واژۆیەى کردووە و چۆن چەکێکى 12 ملیۆنى بەم شێوەیە بڕوات، ئیتر کێشەکە لەوەوە سەریهەڵداوە”.