باڵەخانەی چاکسازیی گەورانی هەولێر - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
کوردستان پابەندە و جێبەجێی ناکات
لە چاکسازییەکان 538 کەس سزای لە سێدارەیان هەیە
ئەحمەد مستەفا
شەش هەزار و 412 سزادراو لە چاکسازییەکانی هەرێمدان، لەو ژمارەیەش دوو هەزار کەسیان بەهۆی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزادراون.
هەروەها 538 سزادراو بڕیاری لەسێدارەدانیان بەسەردا دراوە، بەڵام بەهۆی پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە داواکاریی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بۆ راگرتنی سزای لەسێدارەدان، سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ نەکراوە.
ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی وت، لە ناو ناوەندەکانی چاکسازیی خۆیاندا دەرفەتی کار لە بوارەکانی جلشۆرین، فڕن و نانەواخانە، چێشتخانە، پاککردنەوە و کشتوکاڵ بەردەستە.
ساڵی رابردوو 599 دەرفەتی کاریان بۆ سزادراوان رەخساندبوو، و بۆ ئەمساڵیش بەرنامەرێژییان کردووە تاوەکو بەراورد بە رابردوو رێژەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبکەنەوە.