بەهۆیەوە دیواری ماڵان شەقی بردووە

بوومەلەرزەکەی دوێنێ شەوی چەمچەماڵ بە گوڕی 3.5 پلەی رێختەر بوو

964+

عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ

شەوی رابردوو بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.5 پلە بەپێی پێوەری رێختەر و لە قوڵایی 13 کیلۆمەتر قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیەی هەژاند، کە چەقەکەی سێ کیلۆمەتر لە باکووری چەمچەماڵ بووە و ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لەنێو هاوڵاتییاندا دروستکرد.

بەپێی زانیارییەکان، بوومەلەرزەکە لە دوو کاتی جیاوازدا روویداوە؛ یەکەمییان لە کاتژمێر 1.30ی شەو و دووەمیشیان لە کاتژمێر 3.30ی بەرەبەیان هەستی پێکراوە، بەهۆی بەهێزیی لەرزینەکەوە، زۆربەی دانیشتووانی ناوچەکە لە ماڵەکانیان هاتوونەتە دەرەوە و زیانی ماددیش بەر چەندین خانوو کەوتووە.

محەمەد ئەحمەد، هاووڵاتییەکی دانیشتووی چەمچەماڵ بە 964ـی راگەیاند: “لە شیرینی خەودابووین کاتێک هەستمان پێکرد، هەموو خانوو و کۆڵانەکان دەلەرینەوە، تەنیا فریا کەوتین دەستی منداڵەکانمان بگرین و رابکەینە دەرەوە، تا ئێستا لە ژیانمدا بوومەلەرزەی وا بەهێزم نەدیوە، خوا رەحمی کرد ماوەکەی کەم بوو.”

هاوکات لەگەڵ رووداوەکەدا، بۆ ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتییان و هەستپێکردنی مەترسییەکان، تەقە لە هەوادا کرا تا خەڵکی لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی پاشلەرزەکان خۆیان بپارێزن، پەیامنێری 964 رایگەیاند؛ بەهۆی تەقەکانەوە ژنێکی تەمەن 50 ساڵ فیشەکی وێڵ بەر پشتی کەوتووە و رەوانەی فریاکەوتنی چەمچەماڵ کراوە، جگە لەوەش، ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتییان بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێ و تێکچوونی باری تەندروستییانەوە سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنیان کردووە.

محەمەد حەمید، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی هەندێک داتای سەرەتایی چەقی بوومەلەرزە بەهێزەکە دەوروبەری گوندی قەرەتامۆر بووە لە ناحیەی سەنگاو، بەڵام داتا فەرمییە کۆتاییەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی و هەرێمەوە پشتڕاستکراونەتەوە کە گوڕەکەی 3.5 پلە و قوڵییەکەی 113 کیلۆمەتر بووە.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح