سیپان حوزنی لە ماڵەکەی خۆی رفێندرا و بە کوشتنی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان دروست بوو

هاوڵاتییانی حەسەکە بۆ شەهیدکردنی شەڕڤانێک هاتنە سەر شەقام

ژێوار خدر

دوای رفاندن و شەهیدکردنی شەڕڤانێکی حەسەکە بەناوی سیپان حوزنی لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و توڕەیی لە شاری حەسەکە دروست بووە و هاوڵاتییان داوای سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەکەن.

میدیاکانی رۆژئاوا رایانگەیاند، شەرڤانەکە لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە کە سەر بە “ئەبووحەسەن”ن لە ماڵەکەی خۆی رفێندراوە و لە گوندی عەدلانی سەر بە ناوچەی سەرێکانی بەشێوەیەکی دڕندانە شەهید کراوە و دواتر تەرمەکەی گەڕێنراوەتەوە بۆ شاری حەسەکە.

دوای گەڕاندنەوەی تەرمی شەرڤانەکە بۆ حەسەکە، سەدان هاوڵاتی بە دەربڕینی ناڕەزایەتی پێشوازییان لە تەرمەکەی کرد و رووداوەکە ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لە ناوچەکە لێکەوتووەتەوە و دانیشتووانی حەسەکە داوا دەکەن بکوژانی شەرڤانەکە بە زووترین کات دەستگیر بکرێن و رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.