چەمچەماڵ.. هەڵمەتێک بۆ دەستبەسەر داگرتنی ماتۆڕسکیلی بێ رەقەم و علوج راگەیەندرا
964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
لیژنەیەک لە ئاسایش و پۆلیس و هاتوچۆی قەزای بازیان پێکهێنراوە بۆ دەستبەسەر داگرتنی ماتۆڕی بێمۆڵەت و بێ رەقەم.
هەڵمەتەکە لە سەرەتای مانگی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت و ئامانجیش لێی ئارامی قەزای بازیان و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆو بێزار نەکردنی هاوڵاتیانە.
هەڵمەتەکە لە شەش مانگی رابردووشدا هەر هەبووە و ژمارەیەکی زۆر ماتۆڕسکیلیش دەستی بەسەردا گیراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی بازیان قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت:هەڵمەتەکە لە 1.7.2023 دەستپێ دەکات و لێپرسینەوەی توند لەگەڵ خاوەنی ئەو ماتۆڕانە دەکەین کە بێ رەقەم و بێ ئیجازەن، یان ئاگزۆزیان دڕاوە و لەناو کۆڵانەکان خێرا لێدەخوڕن.
دەشڵێت: ئەوانە بوونەتە کێشە و زیانیان بە هاوڵاتیان لە قەزای بازیان گەیاندووە بۆ کاری تێکدەرانە ماتۆرەکانیان بەکارهێناوە، ئەو ماتۆڕسکیلانە بێرەقمن، دەستی بەسەردادەگیرێت و نادرێنەوە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق