کاسبکارێک: یەک دەنک گێلاس گەنجت دەکاتەوە
دنیادیدەیەک:”25 ساڵە میوەیەکم بەتام و بۆنى خۆى نەخواردووە”
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
بەنزین گرانى نەک شۆفێران، بەڵکو کاریگەرى کردووەتە سەر دەستگێڕ و عەرەبانە چییەکانیش و وەک پێشتر بازاڕیان نەماوە.
لەسەر شەقامى 60 مەترى هەولێر، ژمارەیەک گەنج لە رێگەى فرۆشتنى کاڵەک و ترۆزى و گێلاس و میوەکانى ترەوە، بژێوە ژیانى خۆیان پەیدا دەکەن. یوسف عەبدوڵا کە کاسبکارێکى فرۆشتنى ترۆزییە، بە 964ـى وت،”بێبەنزینى بازاڕى سست کردوون، چونکە موشتەرییەکانى ئێمە زۆربەى شۆفێرانن ئەوانیش هەرچى پارەى هەیانە دەیدەن بە بەنزین”.
لەسەر عەرەبانەکەى یوسف، ترۆزى و کاڵەکى بادینان و گێلاسى ئێرانى هەیە، هاوار دەکات و دەڵێت،”یەک دەنک گێلاس بخۆ گەنجت دەکاتەوە”.
لەو کاتەدا، حاجى دڵشاد کە کڕیارێکى دنیادیدەیە دێتە ناو قسە و باسەکان و دەڵێت: میوەى ئێستا تامى جارانى نەماوە، 25 ساڵە بە تام و بۆنى خۆى میوەیەکى بە دڵى خۆمم نەخواردووە.
ئەو وەسفى ئارو (خەیار)ـى خۆماڵى دەکات، کە جاران چ تام و بۆنێکى هەبووە و چەند تەندروست بووە، بۆیە دەڵێت: ئەوەى ئێستا هەمووى بە زەبرى کیمیایى پێدەکات.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح