زانیاری ورد لەسەر بەنداوی بەستۆڕە

964+

فەرمان سادق

بەردی بناغەی بەنداوی بەستۆرە دانرا کە توانای گلدانەوەی 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.

بەنداوەکە دەکەوێتە بەرامبەر گوندی سێوەکە لە رێگەی چوون بۆ هەنارە، هاوکات بەرامبەر ناحیەی بەستۆڕەش دەکات.

قوڵی گلدانەوەی ئاوی بەنداوەکە 30 مەترە و بەرزییەکەشی 35 مەتر دەبێت، درێژییەکەی لە سەرەوە 620 مەترە و لە قوڵاییەکەشی 300 مەترە.

ئەندازیار شێرکۆ شەریف، سەرپەرشتیاری بەنداوەکە و راوێژکار لە ئەنجومەنی وەزیران ئەو زانیارییانەی بە 964 داوە و ئەوەشی خستەڕوو کە بەنداوەکە توانای گلدانەوەی 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و بە یەک ساڵ پڕ ئاو دەبێت، بەهۆی ئەوەی دەکەوێتە سەر رێڕەوی ئاوی بارانی ناوچەکە کە ساڵانە 100 کیلۆمەتر چوارگۆشە ئاوی بارانی پێدا تێپەڕ دەبێت.

دەشڵێت: دوو رۆژی دیکە دەستدەکرێت بە دروستکردنی بەنداوەکە و بە ساڵێکیش تەواو دەبێت، بۆیەش دەچێتە خانەی بەنداو نەک پۆند، چونکە قوڵاییەکەی 30 مەترە.

ئەندازیاری سەرپەرشتیار ئامادە نەبوو گوژمەکەی ئاشکرا بکات، وتیشی “بەنداوەکە لە رووی گەشتیاری ناوچەکە دەبووژێنێتەوە، دەبێتە سەرچاوەیەکی باشی ماسی، ئاوی ژێر زەوی ناوچەکە و تەنانەت هەولێریش زیاد دەکات، کاریگەری بەسەر کەشوهەواش دەبێت”.

بەنداوی بەستۆڕە، دەبێتە نزیکترین بەنداوی نزیک لە شاری هەولێر.