بوومەلەرزەی دەستپاکی لە سەڵاحەدین
دەستبەسەر 95 خانووبەرەی خانمە بەرپرسێکدا گیرا و هاوسەرەکەشی دەستگیرکرا
فەرهاد حەسەن
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، لە یەکێک لە گەورەترین دۆسیەکانی سپیکردنەوەی پارە و دەوڵەمەندبوون لەسەر حیسابی گشتی، وردەکاریی پشکنینی ماڵی یاریدەدەری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرەی (تاپۆ)ی پارێزگای سەڵاحەدینی بڵاوکردەوە، کە پێشتر بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراوە.
تیمەکانی دەستپاکی دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی تۆمەتبارەکە لە شاری تکریت و دەستیان بەسەر بەڵگەنامە و گرێبەستی کڕینی 95 مۆڵک و خانووبەرەدا گیرا کە لە نێوان پارێزگاکانی بەغداد، دیالە و سەڵاحەدین دابەش بوون.
دەستپاکی دەڵێت، لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا هاوسەری خانمە بەرپرسەکە دەستگیرکرا، کە ناوبراو لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەدا ناوە کە 27 مۆڵک بەناوی ئەو تۆمارکراون، و ژمارەیەکی دیکەش بەناوی خزم و کەسوکاریانەوە کراون تاوەکو خاوەندارێتییە راستەقینەکەی بشارنەوە.
دانی بەوەشداناوە، کە سەروەت و سامانەکەیان لە ڕێگەی “وەرگرتنی بەرتیل لە هاوڵاتیان و قۆستنەوەی پۆستە حکومییەکەی هاوسەرەکەی” بەدەستهاتووە.
جگە لە مۆڵکەکان، دەستەی دەستپاکی دەستی بەسەر تۆمارە ئەسڵییەکانی فەرمانگەی تاپۆ، 31 بەڵگەنامەی فەرمی کە تەنیا پەنجەمۆری هاوڵاتیانی لەسەر بووە و سپی بوون بۆ ئەوەی دواتر مۆڵکەکانیان پێ بگوازنەوە، چوار کۆمپیوتەر، کە یەکێکیان پرۆگرامی تایبەت بە “بارکۆد”ی فەرمانگەی تاپۆی تێدابووە و لە ماڵەوە بەکاریان هێناوە، لەگەڵ بڕێکی زۆر پارەی کاش بە دینار و دۆلار، لەگەڵ سندوقێکی پڕ لە زێڕ و زێڕینگەی گرانبەها.
دادوەری لێکۆڵینەوەی سەڵاحەدین بڕیاریدا دەستبەسەرکردنی هاوسەری تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 36 لە یاسای “بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر” مامەڵەی یاسایی لەگەڵدا بکرێت و ئەم دۆسیەیەش بەلای دەستپاکییەوە، وەک یەکێک لە گەورەترین دۆسیەکانی گەندەڵی لە کەرتی تاپۆو خانوبەرە لە عێراق باسکراوە.