پۆلیسی سلێمانی:
سێ تۆمەتبار لەسەر دۆسیەی خنکانی گەنجێک لە زەلان دەستگیرکران
964+
ژێوار خدر
مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی زەلانی سەربە بەشی پۆلیسی شارباژێر سێ تۆمەتباریان لەسەر دۆسیەی خنکانی هاوڵاتییەک لە چەمی چەمەکی سنوری قەزای شارباژێر دەستگیرکرد، دوای ئەوەی هێزەکانی پۆلیس و تیمەکانی بەڵگەی تاوان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و پشکنینیان بۆ لاشەی خنکاوەکە ئەنجامدا.
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، هاوڵاتییەکە لەدایکبووی ساڵی 2000 بووە و لەکاتی مەلەکردندا لە چەمی چەمەکی سنووری قەزای شارباژێر خنکاوە، دوای ئەنجامدانی رێکارە یاساییەکان بە بڕیاری دادوەر سێ تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانەوە دەستگیرکران.
دەشڵێت، تۆمەتبارەکان پێکهاتوون لە (ش، ش، م) لەدایکبووی 2001 و (هـ، ئـ، ع) لەدایکبووی 1997 و (هـ، ئـ، ع) لەدایکبووی 1994، لە ئێستادا بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.