500 دۆنم زەوی لە سێوسێنان سووتا

964+

توانا نەقی

ئاگرێکی فراوان لە سنوری چیای گوندی تەکێی سەر بە ناحیەی سێوسێنان کەوتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویکردەوە، ئاگرەکە بە هۆکارێکی نادیار بووە زۆر فراوان بووە، سەرەتا توانرا بە ماوەی سێ کاتژمێر ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.

ئاگرەکە بە هاوکاری لەگەڵ بەرگری شارستانی قەرەداغ و سێوسێنان و تیمی فڕۆکەوانی شارستانی سلێمانی و هاوڵاتیانی سنورەکە کۆنترۆڵکرا،
بەڵام بەهۆی سەختی و لێژی شوێنەکەوە دووبارە ئاگرەکە سەری هەڵدایەوە لە ئەنجامدا جارێکی تر کۆنترۆڵکرایەوە.

زەرەر و زیانی ئاگرە مەزەندەدەکرێت بە سووتانی 500 دۆنم لە پوش و پاوان و داری سروشتی هەروەها باخی هاوڵاتیان.

لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوەی هۆکاری ئاگرەکە و یاخود کەسی تۆمەتبار دەستیپێکردووە، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی وا دەڵێت.

لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ئەمە دووەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەیە لە سنوری قەرەداغ کە لە ئاگرەکەی چەند رۆژی پێشووشدا چەندین دۆنم زەوی و داری سروشتی سووتان و بە تیمی فڕۆکەوانی ئاگرەکە کۆترۆڵکرا.