تاکە سەنتەرێکی چارەسەری هەڕەشەی داخستنی لەسەرە

بڵاوبوونەوەی نەخۆشی “سالک” مەترسی لە شاری عامودی رۆژئاوای کوردستان دروستکردووە

فەرهاد حەسەن

ماوەیەکە، نەخۆشیی “سالک” یاخود (لاشمانیا) لە شاری عامودای رۆژئاوای کوردستان بڵاوبووەتەوە و لە چەند رۆژی رابردووشدا ژمارەی تووشبوان لە سەنتەری ئەم شارە و دەوروبەری روو لە زیادبوونە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر تاکە سەنتەری تایبەتمەند بە چارەسەری ئەم نەخۆشییە دروستکردووە، دەنگۆی داخستنی ئەم سەنتەرەش بڵاوبووەتەوە.

لاشمانیا، نەخۆشییەکە لەرێگەی پێوەدانی مێشوولە لە جۆری Phlebotominae لەسەر پێستی مرۆڤ دروت دەبێت و بە چەندین شێوە دەردەکەوێت، بەپێی سەرچاوە تەندروستییەکان زۆرجاران ئەم نەخۆشییە کە بە سووکی لەسەر پێست دروست دەبێت لەماوەیەکی کەمدا بۆ خۆی چاکدەبێتەوە، بەڵام ئەگەر برینێکی قوڵ لەسەر پێست دروست بکات بەئاسانی چاکنابێتەوە.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، ئەم سەنتەرە لە ئێستادا بە شێوەیەکی بەردەوام چاودێری و چارەسەر پێشکەشی 70 نەخۆش دەکات. پزیشکان و ستافی تەندروستیی سەنتەرەکە داوا لە لایەنە بەرپرسەکان دەکەن لە بڕیاری داخستنی پاشگەز ببنەوە، چونکە لەم کاتەدا کە نەخۆشییەکە بڵاودەبێتەوە، بوونی ئەم سەنتەرە لە هەموو کاتێک پێویستترە.

بەپێی زانیارییەکانی روانگە، پێشتر لە رۆژی 8.8.2026 دا، بڕیاری داخستنی بانکی خوێن لە شارەکەدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە ناڕەزایەتییەکی زۆری لای هاوڵاتیان و ستافی تەندروستی دروست کردبوو، چونکە ئەم سەنتەرە جگە لە چارەسەری ئەم نەخۆشییە، خزمەتگوزاریی گرنگی پێشکەشی نەخۆشانی شێرپەنجە، تالاسیما، سستبوونی گورچیلە و ئەو حاڵەتانە دەکرد کە پێویستیان بە نەشتەرگەری هەبوو.