10 تۆمەتباری مادەی هۆشبەر دەستگیر کران
964+
پێشەوا محەمەد
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی 10 تۆمەتباری مادەی هۆشبەری راگەیاند، کە سێ لەوان بازرگانن و ئەوانی تریش بەکارهێنەرن.
دەستگیرکردنەکان لە ماوەی مانگەکانی سێ، چوار و پێنجی ئەمساڵدا بوون و زۆرترین ئەو مادانەی فرۆشتوویانە یان بەکاریانهێناوە لە جۆری حەشیش و کریستاڵ بووە.
کەمێک بەر لە ئێستا دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “تۆمەتبارەکان دانیشتووی ناوچە جیاوازەکانی عێراقن و لە نەتەوەی کورد و عەرەبن”.
ئەوەش هاتووە، “سەرجەمیان بەپێی مادەکانی 26 و 30 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانیان بەردەوامە”.
مادەی 26 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان ژمارە 1ی ساڵی 2020 دەڵێت، هەرکەسێک بەشداربێت لە گواستنەوەی مادەی هۆشبەر، وەریگرتبێت یان رادەستی کردبێت یان کارئاسانی بۆ ئاڵوگۆڕەکە کردبێت یان بازرگانی پێوەکردبێت بە بەندکردنی تووند سزا دەدرێت، لەگەڵ سزای مادی کە لە 15 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 30 ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.
مادەی 30ـی سزادان لە هەمان یاسادا دەڵێت، هەرکەسێک بە مەبەستی بەکارهێنانی کەسی مادەی هۆشبەر وەربگرێت، هاوردەی بکات یان بەرهەمی بهێنێت، یان دروستی بکات یاخود دەستداری بکات و بیکڕێت سزا دەدرێت بە بەندکردن کە لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵیش زیاتر نەبێت، هەروەها سزای مادی دەدرێت کە لە پێنج ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 10 ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.