ئەمڕۆ

شاندى بەغدا دەگاتە زاخۆ و لەگەڵ سەرۆک وەزیران کۆدەبێتەوە

964+

وریا فەتاح

ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2026، شاندێکی باڵای حکومەتی فیدراڵی عێراق گەیشتە هەرێمی کوردستان و بە پێچەوانەی کۆبوونەوە باوەکانی پێشوو کە لە هەولێری پایتەخت بەڕێوەدەچوون، ئەمجارە لە شاری زاخۆ لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا.

بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، شاندەکەی بەغدا بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بۆ کاروباری وزە پێکهاتووە، و هەریەک لە باسم محەمەد وەزیری نەوت، عەلی سەعد وەزیری کارەبا، سەرۆکی دەستەی راوێژکاران، لەگەڵ بریکارانی هەردوو وەزارەتی دارایی و نەوت لەخۆدەگرێت.

بڕیارە، شاندەکەی حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە کە پێکهاتوون لە محەمەد کەمال وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د. عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، لەگەڵ بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بەرپرسانی وەزارەتی دارایی.

ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەی هەردوو شاند لە زاخۆ، دروستکردنی هەماهەنگیی زیاتر و گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەسەر دۆسییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەت لە بوارەکانی نەوت، وزە، بودجە و شایستە داراییەکان.