دوو دەلاک بێبەرامبەر قژی رەوەندەکانی بناری قەندیل چاکدەکەن

+964

ژێوار خدر – راپەڕین

تیمێکی سەرتاشی خۆبەخش، بەبێ بەرامبەر سەری خەڵکی رەوەند و دانیشتووانی گوندەکانی بناری قەندیل چاکدەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەلاکەکان کە تیمێکی سەرتاشی راهێنراون، وەک پیشەی هەمیشەییان لە ناحیەی چوارقوڕنەوە بە مەبەستی چاککردنی قژی شوان و کۆچەرییەکان گەیشتنە بناری قەندیل.

شێرزاد قەندیل ئاکۆیی، سەرپەرشتیاری تیمەکە بە 964ـی وت، تیمەکەمان لە دوو کەس پێکهاتوون و راهێنراوی محەمەد پشتاشانین، ساڵانە سێ بۆ چوار جار سەردانی کوێستانەکانی قەندیل دەکەن.

“بە حوکمی ئەوەی کە ئەو سنوورە کۆچەر و جووتیار و هەنگەوانێکی زۆری لێیە و ناتوانن هەموو کات بە مەبەستی سەرچاککردن بگەنە شارەکانی رانیە و قەڵادزێ و چوارقوڕنە، ئێمە لە روانگەی هەستکردنمان بە پرسیارێتی وەکو ئەرکێکی دینی و مرۆڤایەتی ئەم کارە ئەنجام دەدەین”، شێرزاد قەندیل ئاکۆیی وای وت.

وتیشی، هاوکارییەکانمان بۆ ئەو رەوەندانە تەنیا سەرچاککردن نییە، بەڵکو لە رووی تەندروستی و کاری هەرەوەزی و هەر کارێکی تریش کە پێویستیان بە یارمەتی بێت ئێمە لەگەڵ خەڵکەکەین.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر