دیمەنەکە سروشتی ناوچەیەکی کوردستان نیشان دەدات _ وێنە: 964
درێژترین رۆژی ساڵە
ئەمڕۆ 14 سەعات و هەشت خولەک خۆر بە دەرەوەیە
ئەحمەد مستەفا
شارەزایەکی کەشناسیی دەڵێ، ئەمڕۆ یەکشەممە 21.6.2026، کاتژمێر 11:24ـی پێش نیوەڕۆ بە کاتی هەرێمی کوردستان، وەرزی هاوین دەستپێدەکات کە لەو کاتەدا خۆر راستەوخۆ لەسەر هێڵی گەورەی باکووری زەوی دەدرەوشێتەوە.
بەمەش ماوەی رۆژ لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەگاتە 14 کاتژمێر و هەشت خولەک، خۆر لە کاتژمێر 4:46ی بەیانی هەڵدێت و لە 18:55ی ئێوارەدا ئاوا دەبێت.
سالار عەلی بە 964ی وت، دوای 21ی حوزەیران رۆژەکان وردە وردە کورت دەبنەوە، ئەمساڵ هاوین دەبێتە درێژترین وەرزی ساڵ کە ماوەکەی نزیکەی 93 رۆژ و 15 کاتژمێرە، واتە 2247 کاتژمێر، یان 134820 خولەک، یان 8،089،200 چرکە.
• لەم کاتەدا خۆر ڕاستەوخۆ لەسەر هێڵی گەورەی باکووری زەوی دەدرەوشێتەوە و درێژترین ڕۆژی ساڵ دەبینرێت.
• ماوەی ڕۆژەکە لە عێراق و لە هەرێمی کوردستاندا دەگاتە 14 کاتژمێر و 8 خولەک، خۆر لە 4:46ی بەیانی هەڵدێت و لە 18:55ی ئێوارەدا ئاوا دەبێت.
• دوای 21ی حوزەیران، ڕۆژەکان وردە وردە کورت دەبنەوە هەتا 23ی ئەیلولی 2026.
• وەرزی هاوین لە ڕۆژی 23ی ئەیلولی 2026، کاتژمێر 3:05ی بەیانی بە کاتی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و پاییز دەست پێدەکات.
• ماوەی هاوین لەم ساڵەدا نزیکەی 93 ڕۆژ و 15 کاتژمێرە، کە درێژترین وەرزی ساڵە.
بە قسەی ئەو شارەزا کەشناسییە، لە مانگەکانی تەمموز و ئابدا پلەکانی گەرما زۆر بەرز دەبنەوە و لە ناوچەکانی گەرمیان و کەرکوک دەگاتە نزیکەی 48 پلەی سەدی و زۆرجاریش لەو رێژەیە تێدەپەڕێت.
ئەم کەشە گەرم و وشکە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئاو، کشتوکاڵ و ژیانی رۆژانە هەیە، بۆیە پاراستنی ئاو و بەکارهێنانی رێگای نوێی ئاودێری لەم وەرزەدا زۆر پێویستە، لە کاتێکدا ناوچە شاخاوییەکان فێنکترن و دەبنە شوێنێکی گونجاو بۆ گەشتوگوزار.