"پەلە مەکەن"

دۆناڵد ترەمپ: رێککەوتنی خراپ ناکەم

هەژان هادی

ترەمپ لە دوایین لێدوانیدا دەربارەی رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران دەڵێت، “ئەگەر هەواڵێک هەبێت، ئەوا هەواڵێکی خۆش دەبێت، چونکە من رێککەوتنی خراپ ناکەم”.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ئەی بی سی نیوزی وت، “گەیشتن و نەگەیشتن بە رێککەوتن، بەتەواوی لەدەستی مندایە و ئەگەر هەواڵێک هەبێت، هەواڵی خۆش دەبێت، چونکە من رێککەوتنی خراپ ناکەم”.

“بە نوێنەرەکانم راگەیاندووە پەلە نەکەن لە رێککەوتن لەگەڵ ئێران”، ترەمپ وادەڵێت.

سەرۆکی ئەمریکا لە قسەکانیدا ئاماژەی بەو رێککەوتنە کرد کە لە سەردەمی ئۆباما لەگەڵ ئێران کراوە، لەو بارەیەشەوە وتی، “رێککەوتنێکی خراپ بووە و رێگەی دەدا ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم”.

ترەمپ سوپاسی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد بۆ پاڵپشتی و هاوکارییەکانیان، وتیشی، “ئەم هاوکارییە دەبێتەهۆی پەرەسەندنی رێککەوتنامەی مێژوویی ئیبراهامی و کێ دەزانێت، رەنگە ئێرانیش بەشداری بکات”.

لە بەرامبەردا عەلی عەبدوڵاهی فەرماندەی قەرارگەی ناوەندی خاتەمولئەنبیا سەربە سوپای پاسداران لە هەڕەشەیەکی تازەدا بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێت، “هێزە چەکدارەکانمان رێگەنادەن ئەزمونە بەئازارەکانی رابردوو دووبارە ببنەوە و ئامادەن وەڵامێکی سەخت و جەرگبڕ بە دەستدرێژییەکان بدەنەوە”.