سەرۆکی هەرێم چی تری وت؟

210 ئەفسەر دەرچوون… نێچیرڤان بارزانی: لە چوارچێوەی نیشتمانیی خزمەت بکەن

ئەحمەد مستەفا

لە قەڵاچوالان، خولی پێنجەمی پێگەیاندنی ئەفسەرانی پێشمەرگە مەراسیمی دەرچوونیان بۆ سازکرا کە 210 کەس بوون، لەوێ، نێچیرڤان بارزانی بەشداری کرد و رایگەیاند، دەبێت وەک هێزێکی نیشتمانیی بمێنەوە و بەرگریی لە شکۆی مرۆڤەکان بکەن لەم وڵاتە بەبێ جیاوازی.

بارزانی هەروەک سەرۆکی هەرێم نا وەک فەرماندەی گشتی پێشمەرگە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەکان لەوێ بوون، خوێندکارەکان پلەی ئەفسەرییان پێبەخشرا وەک ملازمی دووەم، کە ماوەی نۆ مانگ لە مەشق و راهێنانی چڕدا بوون.

سەرجەم بەشداربووانی خولەکە کوردن و لە رەگەزی نێر بون خەڵکی شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانن، یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی بەشداربوون لەم خولەدا، هەبوونی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بووە لە بوارە جیاجیاکاندا.

لەوێ نێچیرڤان بارزانی قسەی کرد و رایگەیاند، دەبێت لە چوارچێوەی هێزێکی نیشتمانی خزمەت بکەن، وە بە گیانی داهێنان رابێن و دەبێت بایەخ بە فێربوونی تەکنەلۆژیای جەنگی بدەن، وە دەبێت وەک هێزێکی نیشتمانیی بمێنەوە و بەرگریی لە شکۆی مرۆڤەکان بکەن لەم وڵاتە بەبێ جیاوازی.

لەبارەی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە ئەو باسی لە هەوڵەکانیان بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە کرد، وە وتی، هیچ کات مەبنە بەشێک لە کێشە و ململانێ سیاسییەکان، فرە رەنگیمان دەوڵەمەندیمانە و هەموو پێکهاتەکان شوناسی جوانی کوردستان پێکدەهێنێت، چونکە یەکگرتوویی پێشمەرگە گەرەنتی پاراستنی مافە دەستوورییەکانە.