وەزارەتی نەوت چاوی لە یەدەگ و داهاتە

لە ئامرلی دوای 46 ساڵ هەڵکەندنی بیرە نەوت دەستیپێکردەوە

ئەحمەد مستەفا

لە دوای ساڵی 1978ـەوە ئەمە یەکەم جارە، دەست بە هەڵکەندنی یەکەم بیری پشکنین لە پارێزگاکانی باکووری عێراق بکرێ و تیمە هونەری و ئەندازیارییەکانی کۆمپانیای هەڵکەندنی بیرە نەوتییەکانی عێراق لە قەزای ئامرلی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین دستیان پێکردووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، ئەم هەنگاوە لەپێناو زیادکردنی یەدەگی نەوت و غازی وڵات و پێشخستنی کەرتی ئابووریی عێراقە.

پڕۆژەکە بەپێی گرێبەستێکی سێقۆڵییە لە نێوان کۆمپانیای نەوتی باکوور، کۆمپانیای هەڵکەندنی عێراقی و کۆمپانیای پشکنینە نەوتییەکان جێبەجێ دەکرێت.

وەزیری نەوتی عێراق، باسم محەمەد خوزەیر عەبادی رایگەیاندووە، وەزارەتەکەی بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی بۆ دۆزینەوەی نەوت و غاز و بەهێزکردنی یەدەگی هایدرۆکاربۆنی، ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەم پڕۆژەیە وێستگەیەکی گرنگە بۆ بوژاندنەوەی کارەکانی پشکنین لەو ناوچانەدا پاش وەستانێکی زۆر.