مەلەکردن قەدەغە کراوە

لە خورماتوو ژمارەیەک گەنج پابەندنەبوون و دەستگیرکران

سیروان خورشید – خورماتوو

​لەگەڵ ئەوەی قایمقامی خورماتوو بەمەبەستی پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و رێگریکردن لە رووداوی خنکان، بە بڕیارێکی فەرمی مەلەکردنی لە نێو پڕۆژە ئاوییەکانی قەزاکە قەدەغەکرد، بەڵام بەشێک لە گەنجانی قەزاکە پابەندی بڕیارەکە نابن و بەردەوامن لە مەلەکردن.

ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان چوون و لەمەلەکردن هێناویاننەتە دەرەوە و دەستگیریان کردوون.

زولفەقار حەیدەر، قایمقامی خورماتوو بە964ـی وت، لەپێناو پاراستنی گیانی گەنجەکانمان ئەو بڕیارەمان دەرکردووە، چونکە ئەو شوێنانە مەترسیدارن و گونجاو نین بۆ مەلەکردن.

هەندێک لەگەنجان گوێ بە بڕیارەکە نادەن، قایمقام وتی، هەر بۆیە هێزە ئەمنییەکانیان راسپاردووە کە بە توندی روبەرووی هەر کەسێک ببنەوە کە یاسا بشکێنێت و ژیانی خۆی و خەڵکی تر بخاتە مەترسییەوە و دەستگیرکردنی ئەو گەنجانەش لەو چوارچێوەیەدا بووە بۆ ئەوەی ڕرگری لە کارەسات بکەن.

ساڵانە بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا، گەنجانی خورماتوو پەنا بۆ پڕۆژە ئاوییەکان دەبەن کە تا نزیکەی 47 و 50 پلە کەشە گەرم دەکات، ئەوەش دەبێتە هۆی کەوتنەوەی چەندین رووداوی خنکان.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا